شاعیر: وەفایی
کتێب: دیوانی وەفایی
سەرناو: بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو

بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو
بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو

کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم
لە باغی جنة المأوی مەفەرموو

ئەتۆ مووسونبوڵ و ڕووئافتابی
لە حوسنی تەلعەتی لەیلا مەفەرموو

دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق
کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو

دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە
لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو

دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم
بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو

من و یەک لەحزە شەوئارام و تاقەت؟ ! 
لە دووری ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو

بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە
بە جەللادانی بێپەروا مەفەرموو

وەفایی عاشقی ئەندامی تۆیە
شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو